جگەرەیـەو تامی قووڵی دووكەڵ
دووكەڵ و ئەم هەرێمە سكڵاوییە
من و هەموو دۆخەكانی بـیرچوون
حەژمەت و من
منـم و بلواری سەر چوار ڕێــیان
تۆیت و ئەودیو پەنجەرە
زرمممممم
لەم ناوەختەدا زرمەیەك
قوت دەكاتەوە
هەوێنی تۆپ وتیربار
تەقە دەكرێت و ناكوژرێـین
تەقە دەكرێت و ناوەســـتن
تەقەیەو ئاسایی بوون
تۆیت و پەردە
تۆیت و ژیانێكی تەماوی
تۆیت و تەمەنی نەتەنراو
منیش
لە تەمی پیرۆزدا
هەموو شتێكت بۆ دەڵێم
من هەموو شتێك
لە هیچی پیرۆزەوە دەست پێدەكەم
[ گەمارۆ دراون لە جەغزا
هەنگاو وەدۆزین تا دەربازبوون]
[ ئازیزەكەم
لە كام سـووچەوە پێـت بگەم ]
گەمارۆ درابوون نەدرابوون بە دەرەك ...
ئەم ئازیزە
لە كوێوە خۆی كرد بە ناخی
ئەم هەوارە ماندوەدا
دەنگی موسەلسەل دێت نایات
بە جەحەندەم
ئەم هەموو خۆشەویستییەتان لە كوێوە هێناوە
من لە ناخی سكڵاویدا دەقیژێـنم
وەڵام دەدەیت
یەك
وەڵام نادەیت
سفر
لە ناخی سفر و یەكەوە گەمە دەسازێنرێت
خــشـشـشـشـشـــ
خـشـــەی ناوەخت لە كوێوە سەر هەڵئەدا
بۆ هەر كاتێك دەچمە ناخی
تەفت و ماندووم
دەبێ شتێك داتاشرێت
تائاوێتەی ئەو هیچە پیرۆزە نەبم
چاو دەگێڕم بە بلواردا
مەترسی چاو لە ناخی بوون دەشریخێ
سێ كورسی بەو لاوەتر
مانتۆیێك بە پانتۆڵێكەوە لكاوە
دەلكێن و نالكێن یانی چی ؟ بە توون !
چ كات ماندوویی ئەو گەمارۆییە
لە لەشم دەربازنەبــوە
گڵۆپەكان كز دەبن تا ناخی ڕۆچوون
{ دونیایێكی تیشكاوی دەخوڵـقێنین
ژیان دەكەمە ملوانكە
لە گردنتا دەیڕەنگێنم }
ئەها چ دەڵێم ؟
ژیان قەبارەی گەردنی كام جەغزەیە ؟
تا بیـهۆنمەوە
ئەم وتە بێبایەخانە
لە كام سووچی سفر و یەكەكانەوە
لێم ئاڵاوە
خۆم دێـلیـت كە
[ماشینێكی سوور بێت و هەڵمگرێ
بێت و نوقمی خۆشیم بكات
بێت و لە چنگ ئەم هەموو ماندووییە وەمــحەسێنێ]
هەر ماشینەو دێت و دەڕوا
هەر تۆیت و ویستی ماشێن
هەر تۆیت و خەونی ڕەنگاوی
لە یادمە لە شوێنێكدا وامنووسیبوو:
… ))بێجگە ڕێواس هەرچی وشەیە نامۆیە
بۆ دركاندنی دڵداری لە نێو ئەم گۆمە خوێنەدا
كە شـاماسی بە تۆڕی زێڕ ڕاو كراوە ))
نە كەس لە ڕێواس گەیشت و نە تۆ
هەستت بە تۆڕی زێڕ
لە سووچ سووچی هەنگاوت كرد
هەر نوقمی ئەم ویستە ناویستانەین
تۆ هەبوونت ناوێ
من هەبووت
تۆ ژیان دەگەڕێیت و
من دەمـهەوێ ژیان بكەم، بیلامانێ
لە خۆتا نوقمی
هەر خۆت دەبینی و ماشێنی سوور
لە خۆما نوقمم
ئەو دەبینم و پەنجەرە
پەنجەرە بۆ كرانەوەیە نەك
حەشار دان
[دەستێ بە ڕووتا بــهێنە]
بۆ وا دەڵێ
نەكا ڕوخسارم لە عارەقا خنكێندرابێ
ئەم هەموو جوانیە لە كوێیە
لە سووچی ئەم مانتۆیەوە
لە ناخی دەمارەكانم نوقم بووە
لە سووچی ئەم مانتۆ حەزاویەوە
مانتۆ دەپرسرێ و مات دەبی
كیش ... مات
( ئەو كەسەی ئەوپەڕی عەشقی لە دەنگمایە
دەڕوا بەیانی بێ بیانوو
دەنگی عەشــق چۆن دەفامێنێ )
دەنگی ئاخری پێدراوە
نۆتەكان دەیلاوێننەوە
من لەوبەر سێ كورسی دەبمەوە
پێستی ئەنگوست و پێنووسم عارەقیان كردۆتەوە
چاوی لە پاش چاویلكە دەشارێتەوە
چاوی لە پاش هەموو درۆكان دەشارێتەوە
چاوی لە چاوی دەشارێتەوە
من لەو دیو پەنجەرە ...
هەست ناكات :
( ئەم دیو پەنجەرە پڕە لە جوانی
پڕە لە بۆنی ڕێواس
پڕە لە تام و ڕەنگی ڕێواس )
{تۆ و ئەم هەموو زانینە... نەیان كوتوە}
تۆ لە جەغزی خۆتا سێسەدو شەستی
من هەمیشە لە ناخما سێسەدو شەستی مەزن هەست پێدەكەم
من هەموو سێسەدو شەستێ كە ئەزانم ناشكێ
دەتوانم بڕیاری شكاندنیان بدەم
دەتوانم هەموو سفرو یەكێ سەر بشێـوێنم
هەزار پەنجەرە وەكەم
لەسەر شاشەی بەرامبەرت
سڵاو دەكەیت
دەپرسی بۆ هاتن
هاتن لە كام سووچەوە چاوەڕوان بم
ئەستێرە ختووكە ئەدەن
لە شوێنێكی دیدا دەڵێن :
« لابكەیتەوە و لا نەكەیت ئەستێرەكان
بۆ تەلە سەرەكەی قژت هەر ڕاو دەكەم »
لەو دەمەوەی كەوتوومە ڕاوە ئەستێرە
تەلە سەرەكان لە پەنجەرە تا پاش مانگ
دێن و دەچن
هەتاو حەكـكەدارە
ماشینی سوور قات بوە
لە تەنشت من
هیچ كەس توتەمی خۆی پێناسە ناكا
لەوپەڕی تۆ
هەموو مانتۆكان پێناسەن
تیكەتیكە پێناسەكان دادەدڕێن
مـژێكی تری جگەرەو تامێكی تورتی دووكەڵ
لە پاڵ پشكۆ .